ڕێنمایى ژمارە (1) ى ساڵى (2009)    
(13/4/2014)



پشت بەست بە ماددەى (41 و 42 بڕگەى سێیەم) لە یاساى پاراستن و چاککردنى ژینگە لە هەرێمى کوردستان /عێراق ژمارە (8) ساڵى (2008) بڕیارماندا بە دەرکردنى (ڕێنمایى ژمارە (1) ساڵى (2009)


یەکەم:وەزیرى ژینگە یان ڕێپێدراوەکەى (بەڕێوەبەرى گشتى تەکنیکى و خۆپاراستن لە تیشک و بەڕێوەبەرى ژینگەى پارێزگاکان و ژینگەى گەرمیان ) دەتوانى هەر دامەزراوەیەک یان پڕۆژەیەک یان هەر لایەنێک یان هەر سەرچاوەیەکى پیسکردنى ژینگە ئاگادار بکاتەوە ئەوانەى لە پلە (ڕ ، ب ، ج) دان و بۆ لابردنى فاکتەرى کاریگەرو زیانبەخش بە ژینگە بەم شێوازەى خوارەوە :
1ـ بەنوسراوێک ئاگادارى پڕۆژەکە یان دامەزراوەکە دەکرێتەوە کە لە ماوەى (10) ڕۆژدا لە ڕێکەوتى ئاگادارکردنەوەى بە لابردنى سەرچاوەى پیسکردنى ژینگە.
2ـ پاش تێپەڕبوونى ماوەى ئاگادارییەکە ئەگەر پاساوى زانستى و بابەتى هەبێت بە پێى رٍاپۆرتێکى پەسەندکراو ئەوا ماوەیەک بۆ پڕۆژەکە یان دامەزراوەکە دیارى دەکرێت بە مەبەستى چارەسەرکردن ماوەکەش بە پێى پۆلێنى (ڕ ، ب ، ج) بەم شێوازەى خوارەوە دەبێت :
ڕ ـ ماوەى پۆلێنى پلە (ڕ) لە دەسەڵاتى وەزیر دایە و دەبێت لە (90) نەوەد ڕۆژ زیاتر نەبێت .
ب ـ ماوەى پۆلێنى پلە (ب) لە دەسەڵاتى بەڕێوەبەرى گشتى دایە و دەبێت لە (60) شەست ڕۆژ زیاتر نەبێت .
ج ـ ماوەى پۆلێنى پلە (ج) لە دەسەڵاتى بەڕێوەبەرى ژینگەى پارێزگاکان و ژینگەى گەرمیان دایەو دەبێت لە (30) سى ڕۆژ زیاتر نەبێت .
3 ـ لە حاڵەتى جێ بەجێ نەکردنى بڕگەى (2) لەماوەى دیاریکراودا ،بەڕێوەبەرى گشتى تەکنیک و خۆپاراستن لە تیشک بۆى هەیە بەفەرمانێک غەرامەیەکى بەسەردا بسەپێنێت کە لە ( 00،000 1) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (6،000،000) شەش ملیۆن دینار زیاتر نەبێت ،لەگەڵ لابردنى سەرچاوەى پیسبوونەکە ،وە ئەگەر شایستەى پێبژاردنى زیاتر بوو لە (6،000،000) شەش ملیۆن دینار ئەوا بەرز دەکرێتەوە بۆ وەزیرو وەزیر بۆى هەیە تا بڕى (10،000،000) دە ملیۆن دینار سزاى بدات .
4 ـ لە حاڵەتى لانەدانى لەماوەى دیارى کراوى بڕگەى (3) دا وەزیر بۆى هەیە بە فەرمانێک پڕۆژەکە یان دامەزراوەکە ڕابگرێت یان دایبخات لەسەر ڕاسپاردەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەکنیک و خۆپاراستن لە تیشک بەشێوەیەکى کاتى لە (3) سێ ڕۆژ کەمتر نەبێت و لە (90) نەوەد ڕۆژ زیاتر نەبێت تاوەکو چارەسەرى پیسبوونەکە دەکرێت .
5 ـ لەکاتى بەردەوامبوونى هۆکارى پیسبوونەکە و هەوڵنەدان و ملنەدانى لایەنەکە بەفەرمانەکانى وەزارەت و ڕێنماییە ژینگەییەکان بەپێى ڕاپۆرتێکى زانستى پەسەندکراوى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەکنیک وەزیر دەتوانێت بە فەرمانێکى وەزارى ڕەزامەندى ژینگەیى بکێشیێتەوە ، تا چارەسەرى هۆکارى پیسبوونەکە دەکرێت.
دووەم: لەسەر ڕاسپاردەى بەڕێوەبەرایەتى ژینگەى پارێزگاکان و ژینگەى گەرمیان ، بە پێى ڕاپۆرتێکى زانستى پەسەندکراو بەڕێوەبەرى گشتى تەکنیک و خۆپاراستن لە تیشک ئاگادار دەکەنەوە بە مەبەستى سەپاندنى پێبژاردن لەسەر پڕۆژەکە و بەڕێوەبەرى گشتى تەکنیک و خۆپاراستن لە تیشک بۆى هەیە بە فەرمانێک غەرامەى بەسەردا بسەپێنێت بە پێى خاڵى یەکەم بڕگەى (3)ى ئەم ڕێنماییە .
سێیەم: وەزیر بۆى هەیە لەدادگا پەیوەندیدارەکان داواى یاسایى بەرز بکاتەوە لەسەر سەرپێچى کاران سەبارەت بەو سەرپێچی یانەى ڕوو دەدەن لەسەر ڕاسپاردەى بەڕێوەبەرى گشتى تەکنیک و خۆپاراستن لە تیشک لەو پڕۆژەو دامەزراوانەى لە پلە (ڕ) دان لە ڕێگاى نوێنەرى یاساییەوە .
چوارەم:بەڕێوەبەرى گشتى تەکنیکى و خۆپاراستن لە تیشک بۆى هەیە لە دادگا پەیوەندیدارەکان داواى یاسایى بەرز بکاتەوە لەسەر سەرپێچى کاران سەبارەت بەو سەرپێچییانەى ڕوو دەدەن لەو پڕۆژەو دامەزراوانەى لە پلە (ب) دان لە ڕێگاى نوێنەرى یاساییەوە .
پێنجەم: بەڕێوەبەرایەتى ژینگەى پارێزگاکان و ژینگەى گەرمیان بۆیان هەیە لە دادگا پەیوەندارەکان داواى یاسایى بەرز بکەنەوە لەسەر سەرپێچى کاران سەبارەت بەو سەرپێچی یانەى ڕوودەدەن لەو پڕۆژەو دامەزراوانەى لە پلە (ج)دان لەڕێگەى نوێنەرى یاساییەوە ، وە بەرزکردنەوەى داواى یاسایى سەبارەت بەو پڕۆژەو دامەزراوانەى لە پلە (ب) دان لە سنورى کارى خۆیاندا بە ڕەزامەندى بەڕێوەبەرى گشتى تەکنیک و خۆپاراستن لە تیشک .
شەشەم:ئەم ڕێنماییە دواى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى وەقایعى کوردستان کارى پێدەکرێت .